چاپەمەنییەکان و بەسیاسیکردنی فەزای کۆمەڵایەتی

عەدنان حەسەنپوور

هەفتەنامەی ئاسۆ / ژمارە 80 /  نۆڤەمبری 2004 / سەروتار

 

ئاشکرایە کۆمەڵگای کوردستان کۆمەڵگایەکە تاسەر ئێسقان تێکەڵی سیاسەت بووە و بە هۆی بارودۆخە چەندڕەهەندییەکەیەوە بەرەدوام لە گەمەی سیاسەتدا ژیاوە. سیاسەت لای کورد مانای بەردەوامکردنی ژیانی وەرگرتوە و هەموو هەڵسوکەوتەکان لە پێناوی سیاسەتدا کراوە. دروست و نادروست هەموو جووڵەیەک لە سۆنگەی سیاسەتەوە خوێنراوەتەوە و بەردەوام بە خۆمانمان سەلماندوە کە دەروازەی تێکەڵبوونی ئێمە بە جیهان لە جادەی سیاسەتەوە تێئەپەڕێت و تەنیا سیاسەتیشە ئەتوانێت لە جیهاندا بمانهێڵێتەوە و سەقامگیرمان بکات. هەمیشە پێمان وا بوە ئەبێ کێشە ناسیاسییەکانمان وەلا بنێین تا دوای چارەسەربوونی کێشەی سیاسی و دوای ئەوەیە کە ئەو کێشانەی دیکە بۆ خۆیان رەوتی چارەسەری ئەبڕن و نەفسی کێشەکان بە تەواوی پاک ئەبنەوە. دیارە سیاسەتەکەیش بەردەوام بۆتە هۆی دۆڕانی ئێمە لە گەمە ئاڵۆزەکانی پێوەندیی ناوچەیی و جیهانیدا، بەڵام ئایا تا ئێستە پرسیومانە بۆچی وامان لێدێت و بۆچی وێڕای هەمیشە ئامادەبوونی ئێمە لە پانتاییی سیاسەتدا کەچی دیسان هەر تێیدا شکستخواردوو بووین؟

جەختکردنی زیاد لە ئەندازەی کۆمەڵگای کوردستان لەسەر سیاسەت بۆتە هۆی لەبیرکردن و پشتگوێخستنی دەیان و سەدان کێشەی قورس و زەبەلاحی‌تر کە هەرکامیان و بە نۆبەی خۆیان لەسەر یەک کەڵەکە بوون و هەنووکە لە چەند قەبارە و بارستای گەورەتر لە قەبارەی راستەقینەی خۆیان ئامادەی کۆمەڵی ئێمەن و کاریگەرێتییەکانیشیان بە هەمان ئەندازە گەورەتر بوونەتەوە، کە دیارە بە باری نیگەتیڤیشدا ئەشکێنەوە. لەلایەکی‌ترەوە هەر ئەم فەزایە بۆتە هۆی تێکەڵبوونی هەموو بەستێنەکان و بە پێی ئەوەش تێکەڵبوونی هێزی ئینسانی بە چەندین رووبەری جیاجیا کە بە دڵنیاییەوە دەرەقەتیان نایەت. پێڕەوکردنی میتۆدی ئاوەها جیا لە سەرلێشێواوی و پێڕانەگەییشتن بە کارەکاندا هیچی دیکەی لێبەرهەم نەهاتوە و وزەکانیشی لەخشتە بردوە. ئەم جۆرە تێڕوانینە یەکدەنگی و یەکڕەهەندییە لە نەریتێکی سواوەوە سەرچاوە ئەگرێت کە بەردەوام مەجبوورمان ئەکات بە پرسیارنەکردن و گرتنەبەری ئەو ڕێچکەیەی لە پێشترەوە بۆمان دیاری کراوە.

لەم نێوانەدا چاپەمەنییەکانیشمان تووشی ئەم وەهمی «بە سیاسیکردن»ە بوون و هەموو پرسە جیاجیاکان بە ڕبەی سیاسەت ئەپێون و لێکینادەنەوە بزانن ئایا بەو میتۆدە شرۆڤە ئەکرێت یان نا؟. مەبەستم لەم قسانە بانگەشەی وەلاوەنان و تەکفیرکردنی سیاسەت نییە و نامەوێ سیاسیکارەکان ببەمە ژێر پرسیار و خەتێکی سووریان بەسەردا بکێشم، بەڵکوو خوازیاری ئاوڕدانەوەم لەو فەزایەی تێیدا هەموومان بە سیاسەت گۆش ئەکرێین. زۆرجار هەموومان بانگەشەی ئەوە ئەکەین «هەندێ کێشەی لاوەکی هەیە، با جارێ وازیان لێ بێنین و بچەسپین بە کێشەی کوردەوە»، لەم باوەڕەماندا هەمیشە پێشفەرزمان ئەوەیە کێشەی کورد کێشەیەکی «تەنیا» سیاسییە و هەر سیاسەتیشە ئەتوانێت لێی رابمێنێت و سەری بخات. تاکڕەهەندیکردنی ئەو کێشەیە زەبری کوشندەی لە کۆمەڵگای کوردستان داوە و وایکردووە ئەو سەدان کێشە ناوخۆییە بە لاوەکی لەقەڵەم بدەین و بە شایانی باسکردنیان دانەنێین.

«بەلاوەکیکردن»ی کێشەکانی‌تر «بەپیرۆزکردن»ی سیاسەتی لێکەوتۆتەوە و بەرئەنجام بۆتە قەداسەتێکی گەورە کە کەس بۆی نییە پرسیاری لێ بکات. هیچ کات بیر لەوە ناکەینەوە «دوای رزگای» ئەو کێشە کەڵەکەبوانە ئەبێ بە چ ئاراستەیەکدا بەرین تا لێکپرژان دروست نەبێت. ئایا شەڕی براکوژی لە کوردستاندا ئاکامی هەمان ئەو فەزایە نەبوو؟. تێنەفکرین و هەنگاوهەڵنەگرتن بۆ چێکردنی بنەماکانی دیمۆکراسی، بەدڵنیاییەوە هەر شەڕ و ناتەبایی و قووڵبوونەوەی «شتە لاوەکییەکان»ی لێ بەرهەم دێت. بنەماکانی دیمۆکراسیش پێوەندییەکی راستەوخۆ و پتەویان هەیە بە هەموو رووبەرەکانی کۆمەڵگاوە، کەوایە لە بیرکردنی لایەنە جیاوازەکان و بەرجەستەکردنەوەی تاکەیەک رووبەر ئاستەنگی گەورە لە بەردەم پێشکەوتندا دروست ئەکات.

ناسین و جیاکردنەوەی بەستێنەکان لە یەکتر و گرنگیدان بە هەموویان، نەک تاکە یەک دانە، ئەرکێکی هەنووکەییی چاپەمەنیی ئەمڕۆی کوردستانە. زەقکردنەوەی سیاسەت و پشتگوێخستنی هەموو بەستێنەکانی‌تر رەنگە هەوڵی مەترسیداری ڕاکێشانی خوێنەر بێت، خوێنەرێک کە لەبەر هەمان ئەو فەزا بەسیاسیکراوە زۆرترین حەزی بەرەو سیاسەت ئەکشێت، بەئامرازکردنی ئەو حەزە جیا لە هەڵخڵەتاندن هیچی‌تر نییە. ئەو چاپەمەنییەی خوێنەری کورد بە گاڵتە ئەگرێت و خولیاکانی لە پرۆسەیەکی پۆپۆلیستیدا بەرەو هەڵدێری نەمان (یان لاوازی) ئەبات، نەتەنیا ئەرکی رۆژنامەوانی راناپەڕێنێت بەڵکوو دژی ئەوەستێت و بەردەنگ ئەکاتە کەرەستەیەک بۆ وەرگرتنەوەی کەسایەتیی لە دەستچووی. هاتنە مەیدانی دووبارە و چەندبارەی بەناو ژۆرناڵیست (لە دەلاقەی سیاسەتەوە) و فەشەلهێنانی بەردەوامی پرۆژە رۆشنبیرییەکانی!! بە پێچەوانەی بانگەشەی باو، ئاکامی دژایەتیی دەسەڵات لەگەڵ پرۆژەکان، یان نەبوونی کەرەستەی پێویست و…دا نییە، راستگۆنەبوون، نەبوونی کەڵکەڵەی راستەقینەی رۆشنبیری، نەناسینی دۆخی کۆمەڵایەتی و رۆشنبیریی کوردستان و هۆکارگەلی دیکەی لەم چەشنە دەور ئەگێڕن. ئالێرەدایە پرۆسەی بەسیاسیکردنی هەموو رووبەرەکان یارمەتیی ئەو جۆرە کەسانە ئەدات بۆ بەدەستهێنانەوەی باوەڕی نەماویان و پاساودانەوەی هەموو لاوازییەکان بە پرسی «دەسەڵات». ئەو فەزایە بۆتە مەترسییەکی گەورە بەسەر کۆمەڵی کوردستانەوە و فەزایەکی هێندە پۆپۆلیستی بەرهەم هاتوە کە سنووری نێوان بەستێنەکان کەمڕەنگ بۆنەتەوە و وا تێکەڵی یەکتر بوونە جیاکردنەوەیان ئەستەمە. دیماگۆژییەتی ئەو لایەنانە لە درێژخایەندا بیر ئەچێتەوە و ئەمە تەنیا کاردانەوە خراپەکانیە کە دەمێنێتەوە. لەسەرمانە بە ئاگادار کردنەوەی بەردەنگ ئەو مەترسیانەی لەم بەرەیەوە بەرەوڕووی ئەبێتەوە نەهێڵین فەزاکە لەمە زیاتر بەرەو دیماگۆژیسم بچێت. تەسلیمبوون بەو بەرەیە ئیمزاکردنی لە سێدارەدانی چاپەمەنیی راستەقینەیە و بەپێی ئەمەش پێشڤەچوونی هەموو خواستە خەڵک خڵەتێنەرەکانی نامۆیانی ئامادە لە گۆڕەپانی نووسین و فەرهەنگدا.

aso80

Advertisements

پاسخی بگذارید

در پایین مشخصات خود را پر کنید یا برای ورود روی شمایل‌ها کلیک نمایید:

نشان‌وارهٔ وردپرس.کام

شما در حال بیان دیدگاه با حساب کاربری WordPress.com خود هستید. بیرون رفتن / تغییر دادن )

تصویر توییتر

شما در حال بیان دیدگاه با حساب کاربری Twitter خود هستید. بیرون رفتن / تغییر دادن )

عکس فیسبوک

شما در حال بیان دیدگاه با حساب کاربری Facebook خود هستید. بیرون رفتن / تغییر دادن )

عکس گوگل+

شما در حال بیان دیدگاه با حساب کاربری Google+ خود هستید. بیرون رفتن / تغییر دادن )

درحال اتصال به %s