بەجیهانیبوون: دەرفەت یان هەڕەشە

عەدنان حەسەنپوور

هەفتەنامەی ئاسۆ / ژمارە 75 /  سێپتەمبری 2004 / سەروتار

بەجیهانیبوون ئەو چەمکەیە ماوەیەکە خۆی خزاندۆتە نێو پانتاییەکانی رۆشنبیریی ئێمەوە و بۆتە مایەی ورووژاندنی زۆر باس و بابەتی جیاواز و دژبەیەک. ئەوەی لەم نێوانەدا گرنگییەکی لەڕادەبەدەری بەم چەمکە بەخشیوە، خێراییی کاریگەرێتییەکانیەتی لەسەر هەموو فەزا و رووبەرە جیاجیاکانی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی. کە ئەم دەستەواژەیە وەکوو گوتارێکی رۆشنبیری بوونی خۆی ئەسەپێنێ، خوازراو و نەخوازراو کار ئەکاتە سەر هەموو ئەو مەعریفە کۆنانەی تا ئێستا کارمان پێکردوون و هەموو ئەو میتۆدانەی کە میتۆدەکانی خوێندنەوەمان بوون بۆ جیهان و دیاردەکان. بەڵام ئەوەی لێرەدا جێی تێڕامانە، ئەو خوێندنەوە پارادۆکسیکاڵ یان جیاجیایانەن کە دەربارەی بەجیهانیبوون و لایەنە جۆربەجۆرەکانی لەبەردەستدان و هەر فیکرێک‌و لایەنگری لە رەهەندێکی ئەم دیاردەیە دەکات، هەرکام لەم رایانەش پێیان وایە لەوانی دیکە سەرتر و دروست‌ترە. بەڵام ئێمە ناتوانین بە شێوەیەکی رەها یەک لەم بیروبۆچوونانە پەسند یان رەت بکەینەوە، چوونکوو توێژینەوە لەم چەمکە هێشتا زۆری بەبەرەوە ماوە و دەربڕینی رایەکی رەها شتێکی بێبناخە و مەحاڵە. روانگەی ریالیستی یەک لەو دیدانەیە کە بەرانبەر بە گلۆبالیزەیشێن جۆرە روانینێکی تایبەتی هەیە، ریالیستەکان پێیان وایە دەوڵەتەکان کاراکتەری سەرەکین لە گۆڕەپانی جیهانیدا و هیچ جۆرە کاراکتەرێکی‌تر لەسەرەوەی دەوڵەتەوە بوونی نییە. هەر ئەمەش وا ئەکات دەوڵەتەکان رەوتی بەجیهانیبوون بە سوودی خۆیان بشکێننەوە و بەو ئاراستەیە بیبەن کە خۆیان ئەیانهەوێت. ئەوان لەسەر ئەو باوەڕەن کە دواجار سەرەکی‌ترین کەرەستەی دەستی دەوڵەتەکان بۆ ئەم مەبەستە هێزی نیزامی و چەکدارییە، هەر بۆیە بنەماکانی پێکدادان و شەڕ ئامادەییی تەواویان هەیە. بە گشتی روانینی ریالیستی بۆ بەجیهانیبوون روانینێکی گەشبینانە و پۆزەتیڤ نییە و بە شتێکی کاتی لەقەڵەم ئەدرێت نەک بە بەرهەمی پرۆسەیەکی سروشتی و مێژوویی.

لیبراڵیسم روانینێکی دیکە لەم چەمکە بەدەستەوە ئەدات کە تەواو پێچەوانەی بۆچوونی ریالیستییە، لیبراڵەکان بەجیهانیبوون بە دوابەرهەمی پرۆسەیەکی دوورودرێژی مێژوویی لە قەڵەم ئەدەن کە لە ئاکامی گۆڕانی جیدی و بەرفراوانی سیاسەتی جیهاندا سەری هەڵداوە. ئەوان پێیان وایە دوڵەتەکان تاکە کاراکتەری گۆڕەپانەکە نین و هەندێ هێز و لایەنی‌تر لەدایک بوون کە بەپێی رادەی توانا و هێزی خۆیان لە دیاریکردنی شێواز و رەوتی پێشڤەچوونی پرۆسەکەدا کاریگەرن. ئەم روانگەیە ئەڵێت مرۆڤ بوونەوەرێکە کە ئەتوانێت بەرەو کەماڵ بڕوات، کە پێداویستیی سەرەکیی ئەم کەماڵە دیمۆکراسییە. هەرچەندە ئەوان حاشا لە دەوری هێزی چەکداری لە رەوتی بەجیهانیبووندا ناکەن، بەڵام بەقەد ریالیستەکان گەورەی ناکەنەوە و پێیان وایە هۆکارگەلێکی وەک میدیاکان، ئێکۆسیستەم و تەکنۆلۆژیا لە دەورگێڕە گرنگ و سەرەکی و چارەنووسسازەکانی جیهانی نوێن. ئەوان گومانیان هەیە ئەوەی لە کردەوەدا دەوڵەت ئەو گرنگایەتییەی هەبێت کە تەنانەت لە تیۆرییە لیبراڵیستییەکانیشدا باسی لێدەکرێت. راستە دەوڵەتەکان لە رووی حقووقییەوە زاڵ و دەسەڵاتدارن، بەڵام لە راستیدا و لە مەیدانی کردەوەدا ناچارن سەرنج بدەنە هەموو کاراکتەرەکانی دیکەیش و تەنانەت دانوستانیشیان لەگەڵدا بکەن. بە باوەڕی ئەوان لەبەر ئەوەی لە بەستێنی جیهانیدا دەوڵەتەکان پێوەندیی دوولایەنەیان پێکەوە هەیە و هەر ئەم پێوەندییەیە رۆڵی بنەڕەتی دەبینێ لە دروستکردنی فەزای جیهانیدا، هەر بۆیە مانەوەی دەسەڵاتدارێتی لە شێوازە سوننەتییەکەی و بەراوردکردنی بەرژەوەندیی نەتەوەیی لە فەزا و شوێنێکی بەرکورت و دیاریکراودا، شتێکی نامومکینە. جا ئەگەر دەوڵەتەکان بیانهەوێ بە هێزی چەکدار پارێزگاری لە بەرژەوەندییەکانی خۆیان بکەن، ئەوا ئەو بەرژەوەندییانە دەکەونە مەترسییەوە، چونکوو ئیدی واتا کۆنەکەی بەرژەوەندیی نەتەوەیی بوونی نەماوە و بە پێچەوانەی پێشوو ئەو بەرژەوەندییانە رووبەرێکی زۆر بەرین‌تر بۆ خۆیان ئەبیننەوە. بە گشتی روانینی لیبراڵی بۆ بەجیهانیبوون روانینێکی گەشبینانە و پۆزەتیڤە.

چەندین جۆرە روانگە و دید و بۆچوونی تەبا و ناتەبای دیکەش بەرانبەر ئەم پرۆسەیە ئامادەییان هەیە، بۆ وێنە بۆچوونی مارکسیستەکان کە زیاتر لە گۆشەنیگایەکی ئابوورییەوە ئەڕواننە رەوتی پێکهاتن و پەرەسەندنی بەجیهانیبوون و رەخنەی جیدی و زۆری لێدەگرن، کە لەم دەرفەتەدا ئیمکانی باسکردنیمان نییە. ئەوەی ئەمانەوێ ئاوڕێکی کورت و سەرپێیی لێ بدەینەوە، شێوە روانینەکانە بۆ بەجیهانیبوون لە ئاست پرسی ئیتنیکەکان و نەتەوەکاندا. دوو شێوە روانینی گشتی بۆ ئەم بابەتە هەن کە بە کورتی ئەیانخەینە بەر باس؛ یەک لەو روانگەیانە پێی وایە لە ئاکامی پێشکەوتن و جیهانگیربوونی میدیاکان و تەکنۆلۆژیادا جۆرە فەرهەنگێکی جیهانی بەدی دێت کە هێزێکی گەورەتر و بەرفراوان‌تر لە فەرهەنگە بچووکەکانی‌تری دونیا بۆ خۆی مسۆگەر دەکات. ئەم فەرهەنگە هەموو رەهەند و لایەنە جیاجیاکانی ژیان ئەخاتە ژێر کاریگەریی جیدیی خۆیەوە و بە جۆرێک لە جۆرەکان خۆی ئەسەپێنێ و دەرچوونی لێ نییە. لە ئاکامی ئەو شەپۆلە گەورەیەی بەجیهانیبوونی کولتووردا ئیدی کولتوورە بچووکەکان توانای مانەوە و بەردەوامکردنی خۆیانیان نامێنێت و مەجبوورن بەسوودی فەرهەنگی زاڵی جیهانی بکشێنە دواوە. ئەو ئامێرانەی لە بەردەستی ئەم رەوتەدان، سەتەلایت، ئینتەرنێت، تێلەڤیزیۆن و… وا ئەکەن هەموو ئەو هەوڵانەی کولتوور و شوناسە لۆکاڵی و بچووکەکان لە پێناو مانەوەی خۆیاندا ئەیدەن، بێهوودە بێت و کاریگەرییەکی ئەوتۆی نەبێت.

روانگەی دووهەم رێک دژ بە روانگەی یەکەمە؛ لەبەر هەمان ئەو هۆکارانەی لە بەجیهانیبووندا ئەکەونە بەردەستی مرۆڤەکان، تەکنۆلۆژیا جۆراوجۆرەکانی وەک سەتەلایت و ئینتەرنێت و…، شوناس و فەرهەنگە جیاجیاکانی جیهان، بە گەورە و بچووکەوە، دەرفەتی زۆر باشیان بۆ ئەڕەخسێت تا گیانێک بکەنەوە بە بەری خۆیاندا سەرلەنوێ فاکتۆر و پێناسە تایبەتەکانی خۆیان بەرجەستە بکەنەوە. لەم روانگەیەوە ئامێرە مۆدێڕنەکان ئیتر لە دەستی چین یان نەتەوەیەکی تایبەتدا نامێنێ و بەشێوەیەک گشتی ئەبنەوە کە هیچ شوێنێکی دونیا و هیچ لایەنێکی مرۆڤایەتی – نەتەوەکان، چینەکان و… – لەم دیاردانە بێبەش نابن و هەرکامەو بەنۆبەی خۆی ئەیانخاتە خزمەتی خواست و ئامانجەکانی خۆیەوە. لەبەر ئەوەی تایبەتمەندییە فەرهەنگی و سیاسی و مەعریفییە جۆراوجۆرەکان لە لایەن توێژ و لایەنە جیاجیاکانی جیهانی مرۆڤایەتییەوە و لە رێگای ئامێرە نوێ و مۆدێڕنەکانەوە ئاراستە دەکرێن، هەر بۆیە بە پێچەوانەی بۆچوونی یەکەم، لە باتی ئەوەی جیهان بەرەو یەکدەستبوون هەنگاو بهاوێژێ، بەرەو رەنگاوڕەنگی و پلۆرالیسم رێگا ئەبڕێت. کە وایە یەکسانسازیی فەرهەنگی و سیاسی تەنیا لەو کاتەدا مانا وەرئەگرێت کە خودی نەتەوەکە خواستێکی راستەقینەی بۆ رووبەرووبوونەوەی مەترسییەکان نەبێت و هەوڵێکی وا جیدی نەدات بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ جیهانی پڕ لە ئاڵۆزی چەندین رەهەندەی سەردەمی مۆدێڕندا.

رەنگە کێشەی کورد نموونەیەکی باش بێت بۆ سەلماندنی راستیی ئەو بۆچوونە؛ کورد هەوڵی داوە هەموو ئامێرەکانی بەجیهانیبوون بخاتە خزمەتی کێشەکەی خۆیەوە و گوڕ و تینێکی نۆژەن و بەهێزتر بەدەست بهێنێ. هەر لە سەتەلایت و تێلەڤیزیۆنەوە بگرە تا ئینتەرنێت، هەموو بوونەتە رووبەرێکی لەبار بۆ یەکانگیرکردنی خواستە نەتەوەییەکانی کورد لەگەڵ کاراکتەر و بارودۆخە نوێیەکانی جیهان و سەردەمی بەجیهانیبووندا. بەڵام ئەمە قەت بەواتای ئەوە نییە کە کورد هەموو رێگاکانی لەم رەوتەدا بڕیوە و گەییوەتە لووتکەی مۆدێڕنیزاسیۆن، بە پێچەوانەوە ئەمە تەنیا سەرەتا و دەسپێکی کارەکانە و هێشتا زۆری ماوە چەمکە مۆدێڕنەکانی وەک عەقڵانییەت و دیمۆکراسی بەتەواوەتی تێکەڵی بزاڤی کولتووری و سیاسیی خۆی بکات، کە سەرەکی‌ترین ئەرکی ئێستامان ناساندن و بەرهەمهێنانی دروستی هەموو مەعریفە جۆراوجۆرەکانی جیهانی رووناکبیریی ئەم سەردەمەیە، خوێندنەوەیەک کە پێویستە شێلگیرانە و بە قووڵبوونەوەیەکی جیاواز لە پێشوو بیگەیەنینە ئەنجام. بێگومان خوێندنەوەکان و کارەکانی بزاڤی رۆشنبیریی کوردی بۆ چەمکی وەک بەجیهانیبوون، دەورێکی گەورە و گرنگ ئەگێڕێت لەم پێناوەدا.

aso75

Advertisements

پاسخی بگذارید

در پایین مشخصات خود را پر کنید یا برای ورود روی شمایل‌ها کلیک نمایید:

نشان‌وارهٔ وردپرس.کام

شما در حال بیان دیدگاه با حساب کاربری WordPress.com خود هستید. بیرون رفتن / تغییر دادن )

تصویر توییتر

شما در حال بیان دیدگاه با حساب کاربری Twitter خود هستید. بیرون رفتن / تغییر دادن )

عکس فیسبوک

شما در حال بیان دیدگاه با حساب کاربری Facebook خود هستید. بیرون رفتن / تغییر دادن )

عکس گوگل+

شما در حال بیان دیدگاه با حساب کاربری Google+ خود هستید. بیرون رفتن / تغییر دادن )

درحال اتصال به %s